بۆچوونی پیاوانی ئاینی سوەیدا دەربارەی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی شارەکە

سوەیدا – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، پیاوانی ئایینی سوەیدا، جەختیان لەسەر سروشتی ئاشتیانەی بزاوتی سوەیدا کردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ئەندامانی بارەگای حیزبی “بەعسی عەرەبی ئیشتراکی”یەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کرا.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، پاسەوانانی بارەگای حیزبی بەعس لە سوەیدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد کە هەوڵیاندا بارەگای حیزبی دەسەڵاتدار دابخەن، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیانەی کە نزیکەی مانگێکە لە شارەکەدا بەڕێوەدەچن.

شێخ العەقل حیکمەت ئەلهیجری، دوای ئەوەی دوێنێ دانیشتووانی شارەکە روویان لە میوانخانەکەی کرد، بە پەیامنێری نۆرس پرێسی گوتی: “ئێمە ئێستا دۆخەکە گەورە ناکەین، بەڵکو تەنها لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە تەقەیان کردووە، دوای ناو و ناسنامەیانمان پشتڕاستکردەوە”.

ئەلهیجری ئەندامانی حزبی بەعسی بە “رووخاو” ناو برد.

ئەو پیاوە ئاینییە ئاماژەی بە تێوەگلانی ئێران لە خۆشکردنی ململانێکاندا کرد و گوتی: “ئێران وڵاتێکی داگیرکەرە و میلیشیاکانی ئێرانیش میلیشیای گەندەڵ و تێکدەرن و حزبوڵڵای لوبنان بە داردەستی ئێران دادەنرێت و ئامرازێکی داگیرکارانەیە”.

هاوکات بزووتنەوەی شێخ ئەلکەرامە راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “ئەوەی لە دەوروبەری بارەگای حیزبەکە لە پارێزگای سوەیدا روویدا، هیچ نییە جگە لە کارێکی ترسنۆکانە لەلایەن کەسانێکەوە کە خیانەتیان لە وڵاتەکەیان و گەلەکەیان کرد و پابەندی فەرمانەکانی رژێم بوون بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەرەنی بێ چەک و سێ کەسیان لە گروپی ئازادی چیا بریندار کرد”.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بزووتنەوەکە “لەسەرداوای جەنابی شێخ ئەلعەقل و شێخ ئەبو سەلمان حیکمەت ئەلهیجری و شێخ ئەبو وائیل حەمود ئەلحەناوی، بڕیاریاندا وەڵامیان نەبێت و پارێزگاکە نەخەنە ناو دۆخێکی خوێناویەوە و بزووتنەوەکە بۆ بە میلیتاریزەکردن نەبەن، کە رژێم هەوڵدەدات لەو بزووتنەوە ئاشتیخوازانە بدات کە داوای رۆیشتنی خۆی و هاوکارەکانی دەکات”.

بزووتنەوەکە لە رێگەی بەیاننامەکەوە رایگەیاندووە:” لێرەوە دەڵێین ئەمجارە لە دەستدرێژیی ستەمکاراندا، بۆچوونی شێخەکانمان رۆڵی سەرەکی هەبووە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و سارێژکردنەوەی برینەکە و ئارامیی، بەڵام ئەگەر ئەو هێرشانە دووبارە بکرێنەوە دژی گەلەکەمان و گروپی ئازادی چیا، ئەودەم ئەوان و بارەگاکەیان لە چیای عەرەب  جێگەیان نابێتەوە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی