ئۆپۆزسیۆن لێپێچینەوە دەکات لەوانەی دژ بە تورکیا دروشم لە دیوارەکانی ئەعزاز دەنوسن
گوندەواری باکووری حەلەب- نۆرس پرێس
شەوی سێشەممە، شاری ئەعزاز لە گوندەواری باکووری حەلەب، لێپێچینەوەی سەربازیی بەخۆوە بینی دەرهەق بەوکەسانەی کە دروشم دژ بە دوایین لێدوانەکانی تورکیا ، لەسەر دیواری دامەزراوە ناوخۆییەکان و قوتابخانەکانی شارەکە دەنوسن.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، گروپی “شورتەی عەسکەری” دڵسۆز بۆ تورکیا بە ناو گەڕەکەکان و چواردەوری شارەکاندا سوڕاونەتەوە، بە مەبەستی گرتن و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی دروشم دژ بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەنوسن.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شاری ئەعزاز چالاكی كەسانی نەناسراوی بەخۆوە بینی كە دەستەواژەی سەركۆنەكردنی توركیایان لەسەر چەند بینایەك نووسیبوو، ئەوەش دوا بەدوای خۆپیشاندان دژ بە لێدوانەكانی توركیا لە لایەن دانیشتوانی چەند شارێك لەو ناوچانەی كە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆنتڕۆڵی دەکەن.
شەممەی ڕابردووش، هێزەکانی شورتە و ئەمن و “شورتەی عەسکەری” دڵسۆزی تورکیا، دە کەسیان بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە تورکیا دەستگیرکرد لەکاتی خۆپیشاندانێکدا لە شاری جەرابلوس ڕۆژی هەینی.
هەر لەو رۆژەدا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سلێمان سۆیلو، دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ سووتاندنی ئاڵای کۆماری تورکیا راگەیاند.
سۆیلو لە تویتێكدا لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، دوو كەس دەستگیركراون كە ئاڵای توركیایان لە ئەعزازی سوریا سوتاندووە، “بە مەبەستی ئیستفزاز و هاندان”
شاری ئەعزاز لە گوندەواری باکوری حەلەب لە مانگی تەمموزی 2012ەوە لەژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی تورکیادایە.