هەولێر- نۆرس پرێس
دوێنێ، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی وتارێکیدا کە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بۆ کردنەوەی دەهەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی مۆسکۆ پێشکەشی کرد رایگەیاند، دۆخی جیهان لە رووی داینامیکییەوە گۆڕاوە و هێڵە سەرەکییەکانی سیستمێکی جیهانی فرەجەمسەریی دروست بووە.
سەرۆکی روسیا رایگەیاند، کەمکردنەوەی گرژیی لە جیهاندا، چارەسەرکردنی هەڕەشە و مەترسیی لە بواری سەربازیی و سیاسییدا تەنها بە بەهێزکردنی سیستمی جیهانی فرەجەمسەریی دەکرێت. دەشڵێت، “سەردەمی سیستمی جیهانی تاک جەمسەریی بەسەرچووە”.
پوتین رایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا دەستوەردانیان کردووە لە کاروباری دەوڵەتانی خاوەن سەروەریدا و رەفتاری توڕەکارانەیان ئەنجامداوە، کودەتا و جەنگی ناوخۆییان دروست کردووە و بە هەڕەشە رەشبگیری و گوشارکردن زۆریان لە دەوڵەتانی خاوەن سەروەری کردووە مل بۆ ئیرادەیان کەچ بکەن و بە یاسا بیانییەکان ژیان بەسەر بەرن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا هەموو ئەو کارانەی کردووە تا هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپەنێت.
وتیشی، دەستەبژێرە جیهانگەرا خۆرئاواییەکان بە هاندانی پشێوی و دروستکردنی پێکدادانی نوێ و سیاسەتی خۆگرتن، رێگاکانی گەشەپێدانی جێگرەوە و سەروەریان شێواندووە.
پوتین رایگەیاند، بەو شێوەیە بە هەموو هێزیانەوە هەوڵ دەدەن ئەو دەسەڵاتە بپارێزن کە لە دەستیان دەرچووە و وڵاتان و گەلەکانیان لە چنگی سیستمی نیۆ-کۆلۆنیالدا بهێڵنەوە.
لەبارەی جەنگی ئۆکرانیشەوە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا هەوڵی درێژەکێشانی پێکدادانەکانی ئۆکرانیا دەدات و لە ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەن و هانی پێکدادان دەدەن.