بەڕێوبەریی خۆسەریی بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی توتوێ دەکات

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەریی خۆسەریی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە بیر لە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لە ناوچەکانی خۆیان دەکەنەوە بۆ کەرتە تایبەتەکان، ئەمەش خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ناگرێتەوە.

لە سەرەتای مانگی ئابەوە، بەڕێوبەریی خۆسەریی پاکێجێک بڕیاری سەبارەت بە خزمەتگوزاری و دۆخی ئابووریی دانیشتوان دەرکرد.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەو کەرتانەی کە بەرزکردنەوەی نرخەکە نایانگرێتەوە، بریتین لە فڕنەکان، مۆلیدەی ئەمپێرەکان، گواستنەوەی ناوخۆیی و گەرمکەرەوەکان.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا، کارگێڕێکی فەرمانگەی سووتەمەنی لە حەسەکە رایگەیاند کە نرخی گازۆیلی تەرخانکراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە 410 لیرەی سورییەوە بۆ 525 لیرەی سوری بۆ هەر لیترێک بەرز دەکرێتەوە.

گازۆیلی ئازادیش لە 1200 لیرەوە بۆ 1700 لیرە بۆ هەر لیترێک، نرخی گازۆیلی گەرمکەرەوەش گەیشتە 325 لیرە، لە کاتێکدا پێشتر 150 لیرە بوو بۆ هەر لیترێک.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆشەنگ حەسەن