شاندێکی دەستەی تەندروستی بەڕێوبەریی خۆسەریی سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانی دێرەزوور دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، پێگەی فەرمی بەڕێوبەریی خۆسەریی بڵاویکردەوە کە دەستەی تەندروستی ئیدارەی شارستانی دیموکراتی دێرەزوور گەشتێکیان بەناو ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکانی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزووردا ئەنجامداوە، بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی “بەهێزکردنی ئاسایش” کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات پێی هەستان، “بۆ نەهێشتنی شانە تیرۆریستییەکان و بازرگانەکانەکانی ماددەی هۆشبەر و چەک”.

بە گوێرەی پێگەی فەرمی خۆسەریی، گەشتەکە بۆ ئەم ناوچانە بوون (سەنتەری تەندروستی زیبان، نەخۆشخانەی گشتی شحەیل، نەخۆشخانەی گشتی بەسیڕە و نەخۆشخانەی گشتی ئەلجەدید) بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی کار و پابەندبوونی ستافی پزیشکی بە ئەنجامدانی کارەکانیانەوە، هەروەها تۆمارکردنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان، بە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان و دەستەبەرکردنی پێداویستییە گرنگەکان بۆ تەواوکردنی ئاراستەی کارەکان.

لە کۆتاییدا هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی چەند راسپاردەیەکیان خستووەتە بەردەم تیمە پزیشکی و کارگێڕییەکان، بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ سەرجەم دانیشتووانی ناوچەکان.

لە هەواڵەکەی ماڵپەڕەکە فەرمییەکەدا هاتووە کە ” هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی جەختیشیکردەوەتەوە، کە ئەو کارە تێکدەرانەی ناوچەکان روبەڕووی بوونەتەوە، کردەوەی سیستماتیک بوون، کە لە رێگەیانەوە شانە تیرۆریستییەکان هەوڵی ناسەقامگیری ئاسایش و تێکدانی ئارامی ناوچەکە دەدەن”.