هەولێر – نۆرس پرێس
ژمارەی گيانلەدەستدان بەهۆی زريان و لافاوەکەی ليبياوە، پێنج هەزار کەسی تێپەڕاند، ژمارەيەک وڵاتيش، ئامادەیی خۆيان بۆ هاوکاريکردنی ليبيا دەربڕيوە.
رێکخراوی مانگی سور لە ليبيا رايگەياند: تا ئێستا زياتر لە 10 هەزار کەس بێشەروشوێن بوون، پێشبينیش دەکەن ژمارەکە بەرزتر ببێتەوە.
حکومەتی ليبيا داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی کردووە، هەریەک لە تورکیا، قەتەر، ئیمارات، جەزائیر، تونس و میسر و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەيەکگرتووەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە.
ستيڤان دوجاريک، گوتەبێژی نەتەوەيەکگرتووەکان لە پلاتفۆڕمی ئێکس رايگەياند: تيمێکیان بۆ هاوکاريکردنی ئەو کەسانەی زەرەرمەند بوون لە لیبیا ناردووە، لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نەتەوەييەکانیش کاردەکەن بۆئەوەی هاوکاری مرۆیی پێويست بگەيەننە ناوچە زيانلێکەوتووەکان.
شاری درنە کە دەکەوێتە سەر دەريای ناوەراست زەرەرمەندترين شارە، بەهۆی زريان و لافاوەکەی دوو رۆژی رابردووەوە، زيانێکی زۆری بەرکەوتووە بەرپرسان بە شاری “کارەسات” ناوی دەبەن، بە تەنها لەو شارە نزيکەی 2,300 کەس گيانيانلەدەستداوە، بەهۆی روخانی دوو بەنداو لە شارەکە، بەشێک لە خانووەکان بەجۆرێک راماڵراون ئاسەواريان دیارنەماوە.
زريانی “دانيال” لە هەفتەی رابردووەوە لە دەريای ناوەراستەوە هەڵيکردووە، پێشتر گەيشتە هەريەک لە وڵاتانی “يۆنان، تورکيا، بولگاريا” بەدەيان کەسی کوشت، زريانەکە لە رۆژی يەکشەممەوە گەيشتووتە ليبيا، بەشێکی زۆری ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ليبيای گرتووەتەوە، بەتايبەت شارەکانی “بنغازی، درنە، سوسە”.