“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی کۆمپانیایەکی حکومی لە عێراق راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، داعش لە رێگەی ئاژانسەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی کۆمپانیایەکی حکومیی لە عێراق راگەیاند.

ئاژانسی ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لە رێکخراوەکە، راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، چەکدارانی رێکخراوەکە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی “کۆمپانیای تەعدین”ی سەر بە حکومەتی عێراق، لە رۆژهەڵاتی قەزای “رەتبە” ی سەر بە پارێزگای ئەنبار لە باشووری رۆژئاوای عێراق.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێرشەکە بووەتە هۆی سووتانی چەندین ئامێر و کەرەستەی قورس، هەروەها لەگەڵ کاروانێکی پشتیوانی سەربازیی عێراقی کە بەرەو شوێنی هێرشەکە دەڕۆشتن تووشی شەڕ و پێکدادان هاتوون.

تا ئێستا نە حکومەتی عێراق و نە کۆمپانیاکە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم هیرشە نەداوە.

بەر لە دوو رۆژ، ئاژانسەکانی نزیک لە رێکخراوەکە وێنەی بەدیلگرتن و کوشتنی دوو ئەندامی سوپای عێراقیان لە پارێزگای ئەنبار بڵاوکردەوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان