دەسەڵاتدارانی دۆنێتسک: کیێڤ بانگهێشتی ژنان دەکات بۆ هاتنە ناوەوەی بەرەکانی جەنگ

هەولێر – نۆرس پرێس

یان گاگین، راوێژکاری سەرۆککۆماری گەلی دۆنێتسک بە وەکالەت، ئەمرۆ رایگەیاند، رژێمی کیێڤ لە پاشخانی زیانێکی قورسە لە ریزەکانی هێزە چەکدارەکانیدا، داوا لە ژنان دەکات بێنە بەرەکانی جەنگەوە.

گاگین لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە پێشهاتێکی نوێ لە ئۆکرانیا دەردەکەوێت: دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بانگەشە بۆ دامەزراندنی ژنان بۆ خزمەتی سەربازی، ئەمە تەنها ئەو ژنانە ناگرێتەوە کە پسپۆری سەربازیان هەیە، بۆ نموونە پزیشک، ئەمەش لە بنەرەتدا، هەموو ژنان دەگرێتەوە، ئێستاش هەوڵدەدەن پاڵنەریان بن بۆ بەشداریکردن لەم جەنگەدا.

دوێنێ سێشەممە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا ئاشکرایکرد کە ئۆکرانیا لە میانی هێرشی بەرپەرچدانەوەیدا زیاتر لە 70 هەزار سەربازی لەدەستداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێرشەکە هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە و چەکی رۆژئاوا رێرەوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا ناگۆرێت.

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد: لە سەرەتای هێرشی بەرپەرچدانەوەوە زیانێکی گەورە هەبووە، زیانی مرۆیی گەیشتووەتە 71.5 هەزار سەرباز، جگە لەوەش دەڵێن کە دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت ئەنجامەکان بەدەستبهێنین.

پوتین ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا زۆرن، بەو پێیەی لەراستیدا 543 تانک و نزیکەی 18 هەزار زرێپۆشیان لە پۆلە جیاوازەکاندا لەدەستداوە.