هەولێر– نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، دەستەی رۆشنبیریی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەجیا پرسەنامەیان ئاراستەی کۆجی دوایی هونەرمەندی کورد، بەیتوجان کرد.
دەستەی رۆشنبیریی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” پرسەنامەیەکیان بەو بۆنەوە بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە: “دەستەی رۆشنبیریی بەڕێوبەریی خۆسەریی سەرەخۆشی لە کەسوکاری هونەرمەندی کورد بەیتوجان دەکات، کە لە تەمەنی 68 ساڵیدا گیانی سپارد”.
لە هەمان پرسەنامەدا هاتووە، کە “کۆچکردوو بە یەکێک لە گرنگترین هونەرمەندانی کوردی هاوچەرخ دادەنرێت، کە شوێنپەنجەی بەسەر هونەر و گۆرانی و ئاوازی کوردییەوە دیارە”.

بەڕێوبەریی خۆسەریی لە پرسەنامەکەیاندا داوا لە پەروەردگار دەکەن کە روحی خوالێخۆشبوو شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە خانەوادە و کەسوکار و خۆشەویستانی ببەخشێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئێوارەی دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەی خۆی ئاراستەی کەسوکار و ماڵبات و هاوڕێیانی “بەیتوجان” کرد و رایگەیاند، ” کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کورد بەیتوجان، ئێمەی خەمبار کرد”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوڕێیانی هونەرمەندی کۆچکردوو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت و دەڵێ: ” هونەرمەند بەیتوجان بە ئاواز و گۆرانییە بڵندەکانی، جێگایەکی گەورە و ئاستێکی بڵندی لە موزیک و گۆرانی کوردیدا پڕکردووەتەوە و هەمیشە بە زیندووی دەمێنێتەوە، روحی ئەو شاد بێت”.