لە ئەنجامی زریانی دانیال سەدان کوژراو و هەزاران کەس لە لیبیا بێسەروشوێن بوون
دیمەشق – نۆرس پرێس
زریانی “دانیال” کە تاوەکو رۆژی سێشەممە دەوڵەتی لیبیای گرتەوە، سەدان کەسی کوشت و هەزاران کەسی بێسەروشوێن بوون لە گەورەترین کارەسات لە جۆری خۆیدا کە وڵاتەکە لە ماوەی 40 ساڵدا رووبەڕووی بووەتەوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور رۆژی سێشەممە هۆشداری دا کە ژمارەی کوژراوانی لافاو لە رۆژهەڵاتی لیبیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە لە ژێر رۆشنایی راپۆرتەکانی هەزاران کەسی بێسەروشوێن.
تاریق رەمەزان بەرپرسی رێکخراوەکە لە جنێڤ لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لە تونسەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “ژمارەی گیانلەدەستدان زۆرە و رەنگە بگاتە هەزاران کەس، لە سەرچاوە سەربەخۆکانی زانیارییەکانمانەوە پشتراستی دەکەینەوە کە تا ئێستا ژمارەی بێسەروشوێنەکان گەیشتووەتە 10 هەزار کەس. ”
زریانی “دانیال” لافاوێکی وێرانکەری لێکەوتەوە کە زۆرێک لە شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی لیبیای گرتەوە، بەڵام دەسەڵاتداران رایانگەیاند کە شاری دەڕنە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە باران و لافاوێکی زۆر بەنداوەکانی وێران کردووە و تەواوی گەرەکەکانی بردووە.
سەرلەبەیانی ئەمرۆ، مانگی سووری لیبیا رایگەیاند کە “تیمەکانیان زیاتر لە 300 کوژراویان لە دێرنا دەرهێنایەوە، حکومەتیش لە رۆژهەڵاتی لیبیا شارەکەی بە ناوچەی کارەساتبار ناساند”.