کوژرانی دوو ئەندامی میلیشیایەکی سەر بە ئێران لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، دوو ئەندامی میلیشیایەکی لایەنگری ئێران لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژران کە پێدەچێت پەیوەندییان بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە هەبێت، کە کاروانێکی سەربازی میلیشیاکەیان کردە ئامانج لە باشووری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازیی “لیوای قودس”ی سەر بە ئێران رایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو کە ئاڵای “داعش”یان بەرزکردبوەوە، بە چەکی ئۆتۆماتیکی  کاروانێکی سەربازی لیوای قودسی لایەنگری ئێرانیان، لە نزیک بیابانی شولا، لە باشووری دێرەزوور، کردووەتە ئامانج.

راشیگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە عەلی ئەلعەبد (34 ساڵ) و عەبدولغەفور ئەلحوسێن (32 ساڵ) کوژران، که ئەندامی لیوای قودسی لایەنگری ئێران بوون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، میلیشیاکە هێزی سەربازیی گەورەی هێناوەتە ناوچەکە بۆ راوەدوونانی هێرشبەرەکان، کەوا بەرەو شوێنێکی نادیار لە بیابانەکە هەڵاتوون.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان