هونەرمەندی باکووری کوردستان بەیتوجان به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وە كۆچی دوایی كرد

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەیتوجان هونەرمەندی دیاری باکووری کوردستان، پاس ململانێیەکی زۆر لە گەڵ نەخۆشیدا گیانی سپارد.

بەیتوجان لە ساڵی 1955 لە ئامەدی باکووری کوردستان هاتووەتە دونیاوە و شەشەم منداڵی خێزانەکەیەتی، لە سەر ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورە هونەرمەندێکی ناسراوە و کەم کەس هەیە گۆرانییە بەناوبانگەکەی “ئاگر کەتیە دلێ من”ی نەبیستبێ، کە هونەرمەندی دیاری باشوور، زەکەریا عەبدوڵا نوێی کردووەتەوە.

یەکەم گۆرانیش کە بەیتوجانی پێ ناسرا “ئاگر کەتیە دلێ من” بوو.

بەیتوجان لە تەمەنێکی منداڵییەوە ئایینی خوێندووە، دواتر لە تەمەنی 8 ساڵیدا دەستی بە خوێندنی سەرەتایی کردووە.

لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ئامەدی پایتەختی کوردستانی مەزن نیشتەجی بوون، دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلوولی 1980 دەستگیرکرا و سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

دوای 6 ساڵ و نیو لە زیندانیکردنی، لە ساڵی 1987دا ئازاد کرا، پاشان دوای بەدەستهێنانی ئازادی لە ئەستەنبوڵ نیشتەجێ بوو.

“پەیمانگای بەیتوجان”ی بۆ توێژینەوەی مۆسیقا لە ساڵی 1990دا بۆ عاشقانی مۆسیقا دامەزراندووە.