هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، مانگی سوری لیبیا بڵاویکردەوە، ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی رۆژھەڵاتی لیبیا لە بەرزبوونەوەدایە و زۆرترین زیانی بە شارۆچکەی درنە گەیاندووە و تا ئێستا 2800 کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 20 ھەزار خێزانیش ئاوارەبوون.
لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە، زریانی مامناوەندی دانیاڵ بە رۆژھەڵاتی لیبیادا تێپەڕی و لە ئەنجامیشدا چەند بەنداوێکی سەرووی شارۆچکەی دێرنە تێکشکان، بەھۆیەوە تائێستا حەوت ھەزار کەس بێسەروشوێنن و پرۆسەکانی گەران و رزگارکردن بەردەوامن.
ئەحمەد میسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا کە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە، رایگەیاند، “کارەساتەکە دوای ئەوە هات کە چەند بەنداوێکی سەروو دێرنە تێکشکان”.
عەبدولحەمید دبەیبە، سەرۆکی حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانیی لیبیا، بەهۆی زیانەکانی گیانیی لافاوەکەوە، بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند.
قەیس فاخیری، سەرۆکی خاجی سووری لیبی کە بارەگاکەی لە شاری بنغازییە لە رۆژئاوای شاری درنە، پێشبینی هەڵکشانی ژمارەی قوربانییانی “درنە”ی کرد بۆ سەرووی دوو هەزار کەس؛ گوتیشی “درنە زیانێكی یەکجار گەورەی پێگەیشتووە، ئەو دۆڵەی کە بە شارەکەدا دەڕوات و لافاوەکە پێیدا تێپەڕی پانییەکەی لە 300 مەترەوە بۆ 600 مەتر پانتر بوو.”