سوودانی: جموجوڵەکانی ئەمدوایەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنووری سوریا تەنها ئاڵوگۆڕی هێزەکانیان بووە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لەسەر سنووری سوریا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی هێزەکانیان بووە لە سوریا و لیوایەک بە لیوایەکی دیکە ئاڵوگۆڕ کراوە.

سوودانی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندێکی میدیایی گوتی، “ئێمە لە عێراق و تەنانەت لایەنی ئەمریکیش لامان سەیر بوو ئەو هەواڵانەی کە میدیاکان سەبارەت بە جموجۆڵەکانی ئەمریکا لەسەر سنووری سوریا بڵاویانکردەوە”.

لە چوارچێوەی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا، سوودانی روونیکردەوە کە زانیاری گرنگیان لەبارەی شوێنی سەرکردەکانی داعش لە عێراق دەستکەوتووە و کراونەتە ئامانج، ئەوەشی دەربڕی کە شێواز و بەرنامەی ئەوان لێدان و هێرشکردنی رێکخراوەکەیە، پێش ئەوەی ئەوان دەست بە هێرشەکان بکات.

روونیکردەوە، هێزە عێراقییەکان ناوەندێکی گرنگی سەرکردایەتی “داعش”یان لە بیابانی ئەنبار کردووەتە ئامانج، راشیگەیاند کە عێراق پێویستی بە هیچ هێزێکی شەڕکەری بیانی نییە، هەروەها ئەوان بەشێکن لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێکخراوە.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، سەرکۆەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئەمریکی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن بۆ دیاریکردنی شێوازی پەیوەندیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی