ئەردۆغان: بەردەوام دەبم لە گفتوگۆکان لەگەڵ پوتین بۆ دابینکردنی دانەوێڵەی زیاتر بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستیان پێیەتی
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، و داوای لێدەکەن دابینکردنی دانەوێڵە بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستیان پێیەتی زیاد بکات.
ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە ئێستادا ئێمە لەسەر پێشنیاری پوتین بۆ دابینکردنی یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵە رێککەوتووین، داوای لێدەکەین ئەم برە زیاد بکات، لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت لە دیپلۆماسیەتی تەلەفۆنی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە پارەدانەکەش دەدات و سیستەمی بیمە بۆ هەناردەکردنی کشتوکاڵی رووسیا و هیواخوازە ئەنجامی ئەرێنی بەدەستبهێنێت.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد: وڵاتانی رۆژئاوا وێرای بەرز نرخاندنی هەوڵەکانی تورکیا، پێویستە خۆیان هەوڵ بدەن و بەڵێنەکانیان [سەبارەت بە رێککەوتنی دانەوێڵە] جێبەجێ بکەن.
دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ گفتوگۆکانی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە رێککەوتنی دانەوێڵە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات دەتوانن دەستبەجێ کۆببنەوە.
پوتین و ئەردۆغان لە شاری سۆچی رووسیا، هەفتەی رابردوو کۆبوونەوە و تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و قەیرانی ئۆکرانیا و هەروەها هاریکاری لە بواری گاز و وزەیان کرد.