ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی روسیا مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدەدات
هەولێر – نۆرس پرێس
هاوپەیمانی ناتۆ لە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە نزیک سنورەکانى روسیا، مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدەدەن، تێیدا 40 هەزار سەرباز دەستدەکەن بە مەشقەکانیان، مانۆڕەکەش بە ئامانجى خۆئامادەکردنە بۆ ئەگەرى هێرشی روسیا بۆ سەر وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە.
رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی بەریتانی، لە راپۆرتێکیدا ئاشكرايكردووە، لە بەهاری ساڵی 2024 هێزەکانى ناتۆ گەورەترین مانۆڕى سەربازى لە نزیک سنورەکانى وڵاتى روسیا ئەنجامدەدەن.
ئەو رۆژنامەیە، ئەوەشى نوسیوە، مانۆڕەکە دەبێتە گەورەترین مانۆڕى سەربازى ناتۆ، لە دواى جەنگى سارد.
لە مانۆڕەکەدا بڕیارە 500 بۆ 700 راهێنانی ئاسمانی ئەنجامبدرێت و زیاتر لە 50 کەشتی دەریایی بەشداریبکەن. راهێنانەکانیش لە ئەڵمانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵکان ئەنجامدەدرێت.
هەروەها بڕیارە بەگوێرەی ستراتیژی تازەی ناتۆ، ساڵانە دوو راهێنانی گەورەی لەوجۆرە ئەنجامبدرێت.
جگە لەوڵاتانی ئەندام، بڕیارە وڵاتی سویدیش لە مانۆڕەکەدا بەشداریبکات، ئەوەش لەکاتێکدایە، کەهێشتا بە فەرمی ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە هاوپەیمانێتییەکە لەلایەن تورکیا و هەنگاریەوە پەسەند نەکراوە.
هاوپەیمانی وڵاتانی ناتۆ، هاوپەیمانییەکی سەربازییە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دامەزراوە و 31 وڵات ئەندامن، لەکاتی هێرشی سەربازی وڵاتی سێهەم بۆ سەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە، وڵاتانی ئەندام پابەندن بە بەرگریکردن لەو وڵاتە.