چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا سەرانە لە جوتیارانی پەمبوو وەردەگرن
حەسەکە – نۆرس پرێس
گروپە چەکدارەکانی حەمزەت و سوڵتان موراد نزیک لە تورکیا، بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر بە دانیشوانی ناوچەی سەرێ کانی لە باکوری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، لە نوێترین پێشێلکاریشدا، دەستیانکردووە بە باج وەرگرتن لە جووتیارانی سەرێ کانی بەرامبەر رێگەدان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی پەمبوو.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی خۆجێیی سەرێ کانی ئەمرۆ دووشەممە 11\9\2023 بە نۆرس پرێسی راگەیاند، گروپی حەمزات بە بیانووی پاراستنی بەرهەمی پەمبوو، داوای لە 8%ی کۆی بەرهەمی پەمبوو کردووە، هاوکات گروپی سوڵتان موراد داوای لە 10% کۆی بەرهەمی پەمبوو کردووە و هەرەشەی کردووە هەر جوتکارێک پابەندی داواکارییەکەیان نەبێت، ئەوە رێگە پێنادرێت بەرهەمی پەمبوویەکی کۆبکاتەوە.
بەپێی سەرچاوە، گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، دەستیانداناوە سەر لە 30% کۆی زەوییەکانی کیشتوکاڵ لە ناوچەی سەرێ کانی.
لە وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ، گروپە چەکدارەکان، بۆ هەر تۆنێک گەنم بری 20 دۆلار وەکو باج لەجوتکارەکانی سەرێ کانی وەردەگرتەوە.
لە ساڵی 2019 سەرێ کانی کەوتەوە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیا و گرۆپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.