ئاوارەبوونی 500 خێزان لە گوندەواری مەنبیج بەهۆی بۆردوومانی تورکیا و میلیشیاکانەوە
مەنبیج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی ئیدارەی مەدەنی لە مەنبیج رایگەیاند، زیاتر لە 500 خێزان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی تورکیا و میلیشیا چەکدارە دڵسۆزەکانیانەوە ئاوارەبوون، کە بۆ سەر گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن لە باکوور و رۆژئاوای مەنبیج ئەنجامیانداوە.
لە سەرەتای 1ی ئەیلوولەوە گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن لە مەنبیج هەڵکشانی سەربازی بەخۆوە دەبینن، کە لوتکەی پەرەسەندنەکان رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردوو بوون، کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کوشتن و برینداربوونی نزیکەی 50 هێرشبەری چەکداری گروپەکانی راگەیاند.
ئەسما رمۆ، هاوسەرۆکی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئیدارەی شارەکە لە مەنبیج رایگەیاند، هێرش و بۆردومانە توندوتیژەکان بۆ سەر گوندەواری مەنبیج لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە تورکیاوە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 524 خێزان لە گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی شارەکە کامپێکی دامەزراندووە کە 44 چادر لەخۆدەگرێت لە باکووری شارەکە و ئەم چادرانە 117 خێزانیان لەخۆگرتووە، لەکاتێکدا خێزانەکانی دیکە بەناو گەڕەکەکانی شارەکەدا دابەشکراون.
ناوبراو ئاماژەی بە توانا لاوازەکانی ئیدارەی مەدەنی کرد لە مەنبیج، کە کاریان بۆ دەستەبەرکردنی چادرەکان کردووە، هاوکات کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی خۆراکیان بۆ خێزانەکان دابین کردووە، ئاماژەی بە شکستی رێکخراوە مرۆییەکان کرد لە پێشکەشکردنی هاوکاریەکاندا.
هێرش بۆ سەر مەنبەیج هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزی دیمەشق و تارانەوە.
رمۆ هۆشداری دا لە زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان لە گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن لە مەنبیجەوە، بەهۆی پەرەسەندنە توندوتیژیەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەوانەوە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 1ی ئەیلول، لە هێرشێکی میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیادا بۆ سەر گوندەواری مەنبیج لە باکووری سوریا پێنج منداڵ گیانیان لەدەستدا.
رۆژی دواتر ژنێک گیانیلەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون، ئەمەش لە هێرشێکدا لەلایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیاوە بۆ سەر گوندەواری مەنبیج ئەنجامدرا.
ئەو بەرپرسە بانگەوازی ئاراستەی رێکخراوە مرۆییەکان کرد کە بەخێرایی پاڵپشتی ئەو خێزانە ئاوارانەی گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن بکەن، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەی میلیشیا دڵسۆزەکانی تورکیاوە هاتوونەتە ئاراوە.