هاوڵاتیانی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر خولێکی تۆپی پێ رێکدەخەن

هەولێر – نۆرس پرێس

کۆمەڵێک گەنجی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر خولی تۆپی پێی “رۆژئاڤا”یان رێکخست، تیپی ناز و سەرێکانیێ گەیشتنە یاری کۆتایی پاڵاونێتیەکە، کە رۆژی هەینی رابردوو کۆتایی هات، ئەنجامەکە بەوە کۆتایی هات کە تیپی ناز بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سەرێکانیێ بردەوە.

ئەندامێکی دەستەی رێکخەری خولی تۆپی پێی رۆژئاڤا، حەمدی عوسمان، بە نۆرس پرێسی راگەیاند: ئێمە کۆمەڵێک گەنجی پەنابەری رۆژئاوای کوردستانین، خولێکی تۆپی پێمان رێکخستووە بۆ هاندانی گەنجانی بەتوانا بۆ بەردەوامبوون لە یاریکردن، نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر دەستمان پێکرد و 24 تیپ لە کامپە جیاوازەکانەوە لەگەڵ ئێمە بەشداریان کرد لە کامپی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان، تیپی ناز و سەرێ کانیێ سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی”.

سەبارەت بە یاری کۆتایی هەردوو تیپەکە پشتیان بە تاکتیکی بەرگری بەستبوو، هەوڵیاندا گۆڵێک تۆمار بکەن، دواتر گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی بەرگری و هێرشی پێچەوانە، بە گوتەی عوسمان، “ئەمە هۆکاری سەرکەوتنیان بوو بۆ یاری کۆتایی”.

گوتیشی: “بەبێ هیچ پاڵپشتی و هاندانێک لە لایەن هیچ لایەنێکەوە یاری دەکەین، بۆیە ماوەی شەش مانگە لە هەوڵداین بۆ پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پێکهێنانی یەکێتی تۆپی پێی رۆژئاڤا، پاشان هەڵبژاردەیەک به ناوی تۆپی پێی رۆژئاڤا لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا چاوەڕێی وەڵامین”.

دلۆڤان مەزهەر حوسێن، یاریزانی بەرگری تیپی ناز، دڵخۆشی خۆی بە بەردنەوەی یانەکەی دەربڕی و بە نۆرس پرێسی گوت: “زۆر دڵخۆشم بەو سەرکەوتنە، کە دوای مەشق و راهێنانە درێژ و ماندووکەرەکان بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ، توانیمان سەرکەوین بۆ یاری کۆتایی و جامەکە بەرزکەینەوە”.

دلۆڤان هیوای خواست پاڵپشتی یاریزانە پەنابەرەکانی رۆژئاوای کوردستان بکرێت و بەهرەکانیان بەرز بنرخێنرێن، ئەویش بە بەشداریکردنیان لە یانە وەرزشییە فەرمییەکانی هەولێر، یان رێگەدان بە دامەزراندنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی رۆژئاڤا.

لەکۆتایی یارییەکەدا، راهێنەری تیپی ناز، هۆزان تاریق ئەمیناکی، جامی خولەکەی لەگەڵ ئەندامانی یانەکە بەرزکردەوە، کەدڵخۆشییان یاریگاکەی داپۆشیبوو، تێکەڵ بە هاوار و هاندانی جەماوەرەکەیان بۆیان، بە نۆرس پرێسی گوت: “ئێمە توانیمان ببینە پاڵەوانی خولی رۆژئاڤا و جامەکە ببەینەوە، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئاوارەکان، خۆشەویستیمان بۆ تۆپی پێ نەوەستاوە و ناوەستێت”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “زۆر دڵخۆشین بە سەرکەوتنەکەمان دوای هەوڵێکی زۆر و مەشقکردن”.

هەروەها هاندەرانی تیپی ناز خۆشحاڵی خۆیان لەو بۆنەیەدا دەربڕی، مەسعوود عومەر باسی لەوە کرد کە هاتۆتە یاریگاکە بۆ پاڵپشتی تیپی ناز، دەشڵێت: “یارییەکە چێژبەخش بوو و لە ئاستێکی بەرزی پیشەگەریدا بوو، پیرۆزە لە تیپی ناز و بەختێکی باش بۆ تیپی سەرێکانیێ”

ئامادەکردنی: سوها کامیل – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان