بالیۆزی سعودیە بە فەرمی لە تاران دەستبەکاربوو

هەولێر – نۆرس پرێس

عەبدوڵڵا بن سعود عنزی، باڵوێزی نوێی سعودیە لە تاران، ئەمرۆ یەکشەممە، 10\9\2023 لە گەل حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبۆوە، بۆ ئەوەی وەک یەکەم باڵیۆز سعودیە لە ئێران لە دوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەستبەکار ببێت.

باڵوێزی شانشینی سعوودیە لە ئێران، عەبدوڵڵا عنزی لەگەڵ وەزیری دەرەوە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کۆبووەوە و فەرمانی دەستبەکاربوونەوەی پێشکەش وەزیری دەرەوە کرد، دواتر هەردووکیان هەندێک بابەتی دوولایەنە و ناوچەشیان تاوتوێکرد.

سعوودیە و ئێران لەماوەی چەند ساڵی رابردوو یەکتریان بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بە نێوەندگیریی چین، ریاز و تاران رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان.

لەگەڵ پەیرەوکردنی سیاسەتی نەهێشتنی کێشەکان لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا، لە سەرەتای مانگی ئابدا ناکۆکییەکی نوێ سەریهەڵدا، دوای ئەوەی سعودیە و کوێت خاوەندارێتی هاوبەشیان لە سامانە سروشتییەکان لە کێڵگەی غازی دۆرا لە دەریای کەنداو دووپاتکردەوە.

سعوودیە و کوەیت داوایان لە ئێران کرد دووبارە دانوستان سەبارەت بە سنورە دەرییاکەنانی نێوان ئەو سێ وڵاتە، بەو مەرجەی سعودیە و کوێت وەک لایەنێکی دانوستانکار نوێنەرایەتیان هەبێت و ئێران لایەنی دیکە بێت.

ساڵی 2016 دوای لە سێدارەدانی نەمر نەمری کەسایەتیی دیاری شیعەکانی سعودیە، خۆپیشاندان لە چەند ناوچەی ئێرسن دەستیپێکرد. خۆپێشاندەران هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە ئێران و دوای ئەو رووداوەش پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان سعودیە و ئێران وەستان.

عەبدوڵڵا عنزی بە یەکەم باڵیۆزی سعودیە لە ئێران لە دوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دادەنرێت.