کوژرانی هەشت ئەندامی “دیفاع وەتەنی” لە بیابانی دێرەزوور

دێرەزوور– نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، لە هێرشێکی چەکداریدا کە گردبوونەوەیەکی چەکداران و شوانەکانی سەر بە حکومەتی سوریای، کردە ئامانج، لە بیابانی شولا لە باشووری دێرەزۆر، هەشت ئەندامی “دیفاع وەتەنی” کوژران و دووانی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە “دیفاع وەتەنی” سەر بە حکومەتەوە رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان کە پێدەچێت پەیوەندییان بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە هەبێت، بە چەکی ئۆتۆماتیکی ئەندامانی ” دیفاع وەتەنی “یان کردە ئامانج کە لە گەڵ ئەو شوانی مەڕانەدا بوون کەوا بۆ دیفاع وەتەنی کاردەکەن، نزیک بە بیابانی شولا، لە باشووری دێرەزوور.

سەرچاوەی ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، کاروانەکانی “دیفاع وەتەنی”ی سەر بە حکومەتی سوریا بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی هێرشەکە و لەگەڵ هێرشبەرەکان تێکهەڵچوون و لە ئەنجامدا هەشت ئەندامیان کوژراون کە یەکێکیان شوانێکی مەڕ بووە و دووی دیکەش برینداربوون.

هێرشبەرەکانیش بەرەو شوێنە نادیارەکان لە قووڵایی بیابانەکەدا هەڵهاتوون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو شوانانە مانگانە مووچەیەک لە هێزەکانی “دیفاع وەتەنی” وەردەگرن لە بەرامبەر ئەنجامدانی هەر جموجۆڵێکی چەکداری لە بیابانەکە، بە گوتەی یەکێک لەو شوانانە، پێشتریش چەندین هەڕەشەیان لە لایەن “داعشەوە” لێکراوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان