دەرئەنجامە ناکۆتاکان.. گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار کەس بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەغریبەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەپێی دوایین نوێکاری وەزارەتی ناوخۆی مەغریب کە نیوەشەوی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەغریب بۆ 2012 کەس بەرزبووەوە.

نیوەی شەوی هەینی/شەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 پلە بە پێوەری رێختەر چەند ناوچەیەکی مەغریبی هەژاند، کە پێدەچێت بەهێزترین بوومەلەرزە بێت لە ماوەی سەدەیەکدا و حاڵەتێکی زۆری ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو دانیشتواندا بەجێهێشت.

هەروەها ژمارەی بریندارانیش بۆ 2059 کەس بەرزبووەوە، کە 1404کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

ئەم ژمارانە هێشتا سەرەتایین و ئاماری کۆتایی نین، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە دۆزینەوەی تەرمی زیاتر و رزگارکردنی ئەوانەی لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.

ژمارەی گیانلەدەستدان لە هەرێمی ئەلحەوز گەیشتە 1293 کەس و تەنها لە شاری تارودانت 452 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

ژمارەی گیانلەدەستدان لە شاری ورزازات بۆ 41 کەس بەرزبووەوە و لە مەراکیش، سێهەم گەورەترین شاری وڵاتەکە، 15 کەس گیانیانلەدەستدا.

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە سەدان باڵەخانە رووخاون و خەڵکێکی زۆر ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر