تورکیا پشتیوانی سەربازی نوێ رەوانەی باکووری رۆژئاوای سوریا دەکات
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، هێزەکانی تورکیا کاروانێکی سەربازی بە کەرەستەی لۆجستی و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە، رەوانەی ناوچەی ئاگربەست کرد، لە باکووری رۆژئاوای سوریا، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ نوێبوونەوەی پەرەسەندنی سەربازیی نێوان لایەنەکانی ململانێکان لە ناوچەکە.
سەرچاوە سەربازییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کاروانێکی سەربازی تورکیا کە زیاتر لە 17 ئۆتۆمبێلی سەربازی و بارهەڵگری لۆجست و زرێپۆشی لەخۆگرتبوو، لە دەروازەی سنووری کفرلوسینەوە چوونەتە ناو خاکی سوریاوە، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیش بەرەو میحوەرەکانی ئەلبارا و کەنەسفەرە بەڕێکەوتوون لە هوندەواری باشووری ئیدلب.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کرد، کاروانەکە 10 زرێپۆشی لەخۆگرتبوو، ئەمە جگە لە بارهەڵگرەکانیان، کە ئامێری هەڵکەندنی قورس و بەربەستی کۆنکریتی و ژووری چیمەنتۆی ئامادەکراویان هەڵگرتبوو، بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە میحوەرەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە باشووری ئیدلب، ئەمەش دوای ئەو پەرەسەندنە سەربازییە بەرفراوانەی کە لەم رۆژانەی دواییدا بەخۆیەبینیوە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ ئیدلب، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی سەربازیی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و رووسیا لە لایەک و میلیسیاکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گروپە توندڕەوەکانی تر لە ئیدلب و گوندەواری لازقییە، لە لایەکی دیکەوە.
سەرەڕای رێککەوتنی نێوان رووسیا و تورکیا لە مانگی ئازاری 2020دا بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنە سەربازییەکان لە ناوچەکە، بەڵام باکوری رۆژئاوای سوریا، بەردەوام ئۆپەراسیۆنەکانی پەرەسەندن و بۆردومانی دوولایەنەی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و رووسیا لە لایەک و دەستەی تەحریرشام و میلیسیاکانی ئۆپۆزسیۆن لە لایەکی دیکەوە، بەخۆوە دەبینن.