هەولێر- نۆرس پرێس
جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا پلانی دروستكردنی ڕێڕه‌وی هێڵی ئاسنین و كه‌شتیوانی ده‌ریایی ڕاگه‌یاند، كه هیندستان به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا ده‌به‌ستێته‌وه، به به‌شداریی ژماره‌یه‌ك وڵات، دیارترینیان سعودیه و ئیسرائیله.
جۆو بایدن ئه‌مڕۆ شه‌ممه له وتارێكدا له په‌راوێزی لوتكه‌ی جی 20ی گه‌وره‌ترین ئابورییه‌كانی جیهان، كه له نیوده‌لهی به‌ڕێوه‌چوو رایگەیاند، ئه‌مه پڕۆژه‌یەکی گه‌ورەیە، كه یارمه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی بازرگانی و پاشه‌كه‌وتكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه و باشتركردنی په‌یوه‌ندی دیجیتاڵی ده‌دات.
جه‌یك سولیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی ڕایگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له وڵاتانی هیندستان، سعودیه، ئیماراتی یه‌كگرتوی عه‌ره‌بی، ئوردن، ئیسرائیل و یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌شداری پڕۆژەکە ده‌بن.
نارێندرا مودی سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان و ئورسولا ڤۆن دێر لاین سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا و سه‌ركرده‌كانی دیكه له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌شدارییان له ڕاگه‌یاندنی پڕۆژه‌كه‌دا كردووە.
نارێندرا مودی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌رزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو ناوچه‌كان ئه‌وله‌ویه‌تێكی سه‌ره‌كییه بۆ هیندستان، پێمانوایه په‌یوه‌ندیكردن ئامرازێكه نه‌ك ته‌نها بۆ زیادكردنی بازرگانی هاوبه‌ش له نێوان وڵاتانی جیاواز به‌ڵكو بۆ زیادكردنی متمانه‌ی یه‌كتر.
كۆشكی سپی هیچ ورده‌كارییه‌كی له‌باره‌ی تێچون و دارایی پرۆژه‌كه نه‌خسته‌ڕوو، هه‌رچه‌نده محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعودیه له میانەی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یدا باسی 20 ملیار دۆلاری كرد.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌سۆشێتد پرێس، تا ئێستا ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه كه ئایا ئه‌م بڕه پاره‌یه ته‌نیا به‌ڵێننامه‌ی سعودیه ده‌گرێته‌وه یان نا.
لای خۆیه‌وه، ڤۆن دێر لاین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پڕۆژه‌كه كێبڵی گواستنه‌وه‌ی كاره‌با و داتا له‌خۆده‌گرێت.