نامەیەک ئاراستەی سوودانی دەکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی مووچەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، جەمال حوسامی سەرۆکی رێکخراوی ئەمیندارانی عەرەب بۆ پەروەردە لە هەولێر رایگەیاند، رەوش و گوزەرانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستانی عێراق خراپە، بۆیە نامەیەکیان ئاڕاستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، تاوەکو شایستە داراییەکان و مووچەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

هەروەها راشیگەیاند، دۆخی مامۆستایان لەهەرێمی کوردستاندا خراپە، بۆیە نامایەکمان ئاراستەی شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق کردووە، هیوادارین رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بدات.

گووتیشی، ئەگەر ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ مامۆستایان دابین نەکرێت پەیامی مامۆستایان ناگات، بۆیە داوادەکەین کە حکومەتی عێراق مووچەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دابین بکات چونکە بۆ ماوەی دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەرکرد.

فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی میوانداری هەردوو وەزیرانی دارایی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات تایبەت و گفتوگۆ لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.