ژوری وەرزشی – نۆرس پرێس
لە مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵدا، یانەکان بڕی 7.36 ملیار دۆلاریان لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ لە راپۆرتێکدا، تەواوی وردەکارییەکانی گواستنەوەکانی ئەم هاوینەی بڵاوکردووەتەوە کە لە 1ی حوزەیران دەستپێکردووە و لە 1ی سێپتێمبەر کۆتاییهات.
بەراورد بە گواستنەوەی هاوینەی ساڵی 2022، لەم هاوینەدا بازاڕی گواستنەوەکان بە رێژەی 47.2% بەرزبووەتەوە.
گواستنەوەی مۆسێس کایسێدۆ، لە برایتنەوە بۆ چێڵسی بە بڕی 115 ملیۆن پاوەند بووە کە گرانترین گواستنەوەی ئەم هاوینەیە. لە پلەی دووەمیشدا، گواستنەوەی دێکلان رایس، لە وێستهامەوە بۆ ئارسیناڵ بە بڕی 105 ملیۆن پاوەند بووە.
یەکێک لە گواستنەوە گەورەکانی دیکەی مێرکاتۆی هاوینە، گواستنەوەی جود بێڵینگهام بوو لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە بۆ ریال مەدرید بە بڕی 88.3 ملیۆن پاوەند، هەروەها گواستنەوەی هاری کەین لە تۆتنهامەوە بۆ بایرن میونشن بە بڕی 86.4 ملیۆن پاوەند کە لە پلەی چوارەمدا هاتۆوە.
لە راپۆرتەکەی فیفادا هاتووە، بە درێژایی بازاڕی گواستنەوەکانی هاوینە، زیاتر لە 10 هەزار گواستنەوە روویاندا.
یانەکانی ئینگلتەرا بە خەرجکردنی 1.98 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەمدا دێت و یانەکانی سعودیە، بە خەرجکردنی 875 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەمدا دێت، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، یانەکانی فەرەنسا بە خەرجکردنی 859 ملیۆن دۆلار، لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکە هاتووە، هەروەها یانەکانی ئەڵمانیا بە 762.4 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەمدا دێن، بە شێوەیەکی سەیر، ئەمساڵ یانەکانی ئیتاڵیا بە خەرجکردنی 711 ملیۆن دۆلار، پێش یانەکانی ئیسپانیا کەوتن، کە ئیسپانییەکان تەنیا 405.6 ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە.
گارسیا سیلڤێرۆ، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی فیفا دەڵێت، ئینگلتەرا لە سەرووی لیستی زۆرترین گواستنەوەکانی ئەم هاوینەدا هاتووە، بە گشتی 449 یاریزان پەیوەندیان بە یانەکانی ئینگلتەراوە کردووە و 514 یاریزانیش یانەکانی ئینگلتەرایان جێهێشتووە. لەسەر ئاستی خانمانیش، ئەم هاوینە ریکۆردی نوێ تۆمار کراون، بە گشتی 829 گواستنەوە روویاندا کە 66 لەو گواستنەوانە بە پارەی کاش بوون.
کردنەوەی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی داهاتوو لە 1ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 دەبێت و تاوەکو کاتژمێر 11 شەوی 1ی شوبات کراوە دەبێت.