تورکیا سكاڵای لەسەر عێراق تۆمار کرد و داوای قەرەبوو دەکات

هەولێر-نۆرس پرێس

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی میدڵ ئیست، تورکیا بەهۆی زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریە نەوتیەکانی وڵاتەکەی، سکاڵایەکی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا تۆمارکرد و داوای 956 ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە عێراق دەکات.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس بێت کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڕیاریدا، دەبوو تورکیا نزیکەی دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق، لەسەر گرێبەستەکانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تورکیاش پێی وایە ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە و دەبوو دادگا لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیاری بدایە.

پارێزەرانی وزەی تورکیا لە دادگای کۆڵۆمبیا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، سکاڵاکەی دژی حکومەتی عێراق تۆمارکردووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی میدڵ ئیست بێت، پارێزەرانی وەزارەتی وزەی تورکیا لە سکاڵاکەدا  ئاماژەیان بەوەداوە، رێژەی ئەو قەرەبووەی  دادگای پاریس لەسەر تورکیا هەژماری کردووە بەراورد بەو پارەیەی کە عێراق دەبێت بیداتە تورکیا کەمترە.

بە ووتەی تورکیا بێت، عێراق دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەردەکەوێت و تورکیاش سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.