تورکیا 600 هاوڵاتی سوری بە زۆرە ملێ دیپۆرتی سوریا دەکاتەوە

گرێ سپی – ئیدلیب – نۆرس پرێس

ڕۆژی هەینی، دەروازەکانی باکوری سوریا زۆرترین ژمارەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریا لەمساڵدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تۆمارکردووە، ژمارەی دیپۆرتکراوانی زۆرەملێ گەیشتووەتە 600 پەنابەر، ژن و منداڵیشان تێدایە.

سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 600 پەنابەری سورییان دیپۆرتکردەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، لە ڕێگەی دەروازەکانی گرێ سپی لە باکووری ڕەقە و باب ئەلهەوا لە باکووری ئیدلیب.

ئاماژەی بەوەشکرد، 190 پەنابەر لە دیوی تورکیاوە ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکان کراون لە دەروازەی گرێ سپی لە باکوری ڕەقە و لە ناوەندەکانی پەناگەدا ڕاگیراون تا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.

 بەپێی سەرچاوەکان دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕێگای دەروازەی باب ئەلهەواوە، زیاتر لە 410 پەنابەریان ڕادەستی دەستەی تەحریر شام کردووە.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی سەرجەم بەڵگەنامە کەسیەکان و پەنجە مور لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە وەرگیراون پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە ئەنجامدراوە، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەمڕۆش بەرزترین ژمارەی دیپۆرتکردنەوەی ڕۆژانە لەلایەن دەروازەکانی باکوری سوریاوە تۆمارکراوە.

سەرچاوە ئیدارییەکان لە دەروازە سنوریەکانی باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامە لە باکووری سووریا بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی ئەو سووریانەی کە دیپۆرتکراونەتەوە بۆ ناوچەکانی باکووری سووریا گەیشتووەتە سێ هەزار کەس.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی