بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراق مەترسی دەخاتە سەر رێککەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا

هەولێر- نۆرس پرێس

رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقی بۆ بە نادەستووری دانانی پەسەندکردنی رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عێراق و کوێت، دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم تانەدان لەو رێککەوتننامانەی پێش ساڵی 2015 کراون، لەسەرووی هەموویانەوە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە پەرلەمانی عێراق لە 2008 پەسەندی کرد.

رۆژی دووشەممەی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا پەسندکردنی رێککەوتننامەی خۆر عەبدوڵڵا پێچەوانەی مادەی 61ی دەستووری عێراقە کە رایدەگەیەنێت، پرۆسەی پەسەندکردنی رێککەوتن و بەڵێننامەکان کە دەکرێنە یاسا دەبێت بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت.

ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بە نادەستووریبوونی رێککەوتنەکە، مانای وایە عێراق تاکلایەنە رێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە، هەنگاوێک بە ئاراستەی گەرانەوەی مافی ئاوی وڵاتەکەی، هاوکات جارێکی دیکەش دەرگای دەستوەردانی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عێراق و کوێت لە 2012 کراوە و لە تشرینی دووەمی 2013 نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق واژۆی لەسەر کرد لەبارەی دابەشکردنی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان هەردوو وڵات. دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردرا و کرایە یاسای ژمارەی 42ی 2013، بەهۆی ئەو رێککەتننەوە عێراق  مافی لە خۆر عەبدوڵڵای هاوبەش لەگەل کوێت لەدەستدا و رووبەرێکی فراوانی ئاوی لەسەر حیساب عێراق درایە کوێت.

ئەو هەنگاوە، مشتومڕ و ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە نووری مالیکی کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو بەوە تۆمەتبارکرا کە سازشی لەسەر خۆرعەبدوڵڵا کردووە، کە رێڕەوێکی دەریاییە.

لە ساڵی 2008ـەوە رێککەوتنێکی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەیە، کە بە رێککەوتنی سۆفا ناسراوە، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە جێگیربوونی هێزە سەربازییە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی عێراق رێکخراوە، بەڵام رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی داوە.