
لە شاری رەقە یەکینەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکردنی بەرپرسێکی داعش ڕادەگەیەنن
ڕەقە – نۆرس پرێس
ڕۆژی هەینی یەکینەکانی دژە تیرۆری هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی بەرپرسێکی ڕێکخراوی داعشیان بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە یەکینەکانی دژە تیرۆر بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، دوێنێ پێنجشەممە، یەکینەکانی دژە تیرۆری سەر بە هێزەکانی هەسەدە، بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانی عێراق، لەشاری رەقە بەوردی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیان ئەنجامداوە.
دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەشدا، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا عەبدولغەفور تەبەر ناسراوە بە ئەبوئەمیر بەرپرسی دادگای عەشایەری و ئەمیری بانکی ئیسلامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شاری ڕەقە دەستگیربکرێت.
ئەبو ئەمیر یارمەتی دارایی شانەکانی داعشی دەدا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا، هەروەها چەک و کەرستەشی بۆ داعش دابین دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و کەرەستەی سەربازیشدا گیراوە، لەوانەش چەکێکی کڵاشینکۆف و پێنج مەخزەنی چەک و 8 مۆبایلی زیرەک و 3 ئامێری گواستنەوەی ئینتەرنێت و 6 کارتی میمۆری.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دژە تیرۆری هەسەدە باسی لەوەکرد، کە ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتی و کۆنترۆڵی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.