لە ئیدلیب تەحریر شام 26 کەسی دەستگیرکرد
ئیدلیب – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، دەستەی تەحریر شام، هەلیکۆتاوەتە سەر کەمپی کللی لە باکووری ئیدلیب و بەو هۆیەوە 26 کەسی دەستگیرکرد کە 3 لەوانە ژن بوون.
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە تۆمەتی هاندانی خەڵکی کەمپەکە بووە لە دژی سەرکردەکەیان، ئەمەش دووەم هەڵمەتی هەڵکۆتانە سەر کەمپەکەیە لەم مانگەدا.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دەزگای ئاسایشی گشتی دەستەی تەحریر شام هەڵیکۆتاوەتە سەر 14 خێمەی کەمپی کللی، و 26 کەسیان دەستگیرکرد کە 3 ژن بوون، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە و هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان لە دژی دەستەی تەحریر شام.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە دووەمین دەستگیرکردنە لەم مانگەدا کە لە کەمپی کللی روودەدات، هەروەها سێی ئەم مانگەیش 18 کەسیان لە هەمان کەمپدا و بە هەمان تۆمەت دەستگیرکرد.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە 18ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە، دەستەی تەحریر شام هەڵمەتێکی ئەمنییان لە دژی ئەو کەسانەی کەسەر بەحزب و لایەنەکانی ترن دەستپێکردووە.