ئەڵمانیا دوو کەسی سوریی سەر بە “داعش” بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دادگایی دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، دوو کەس بە ناوەکانی (عامر و باسل)، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بە فەرمانی دادگای ئەو وڵاتە و بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەستگیرکراون.
تۆمەتبارەکان هەردووکیان ئەندامبوون لە گرووپێکی “تیرۆرستی”ی لە سوریا بە ناوی “لیوا جوندولڕەحمان” کە شوباتی ساڵی 2013 لە لایەن یەکێک لە دەستگیرکراوەکانەوە دامەزرێنراوە.
هەروەها تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی وەک بە زۆرەملێ دەربەدەرکردنی دانیشتووان و ئەندامێتیان لە رێکخراوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”دا.
تۆمەتی ئەو تاوانە جەنگیانەی دراوەتە پاڵیان، پەیوەندییان بە هێرشێکی حوزەیرانی 2013ەوە هەیە لە شارۆچکەی حەتلەی سەر بە پارێزگەی دێرەزوور، کە تیایدا زیاتر لە 60 هاوڵاتی شيعە مەزهەبی ناوچەکە بوونە قوربانی.
داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا دەڵێن، ئەو هێرشە لەلایەن “لیوا جوندولڕەحمان” و بە فەرماندەیی عامر و بە هاوبەشی لەگەڵ “داعش” ئەنجامدرابوو.
هەروەها داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا باس لەوە کەن، رزگاربووانی ئەو تاوانە لە لایەن “لیوا جوندولڕەحمانەوە” ناچارکراون ئاوارەی شوێنەکانی دیکەی سووریا یان دەرەوەی وڵات بن، ئەوەش لە رێگەی “بڵاوکردنەوەی ترسی کوشتن، سووتاندن و تالانکردن.”ەوە
بە گوتەی داواکاری گشتی ئەڵمانیا، “عامر” لە تەممووزی ساڵی 2014 چووەتە نێو داعش و گرووپە چەکدارەکەی خۆیشی خستووەتە ژێر فەرماندەیی داعشەوە،
“باسل”یش پێگەیەکی سەربازیی گرنگی لە لیوا جوندولڕەحماندا هەبووە لە ساڵی 2013 و 2014 فەرماندەیی ژمارەیەک هێزکردووە لە شەڕ دژ بە حکومەتی سوریا.