مەراسیمی بەخاکسپاردنی سێ شەهیدی “هەسەدە” لە شاری قامشلۆ
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، بەئامادەبوونی هەزاران لە دانیشتووانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، تەرمی سێ شەهیدی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەخاک سپێردران.
دوو شەڕڤانیان بە ناوەکانی (رەشید ئیبراهیم و هەرکول قامشلۆ) لە هەڵمەتی “بەهێزکردنی ئاسایش”دا لە گوندەواری دێرەزوور شەهید بوون، هاوکات شەڕڤانێک لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان “رۆژنا عەگید” لە بۆردوومانی درۆنێکی تورکیا لە گوندەواری قامیشلۆ، لە رۆژی 2ی ئەیلولدا شەهیدکرا.
ئەو سێ شەڕڤانە شەهیدە لە گۆڕستانی “شەهید دەلیل سارۆخان” لە قامشلۆ، بە بەشداری هەزاران لە دانیشتووان و کەسانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازیی ئەو شارە بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا گوتاری رێکخراوەکانی ماڵباتی شەهیدان و دامودەزگا مەدەنییەکان خوێنرانەوە، کە بە تەواوی ستایشی ئیرادەی شەڕڤانانی “هەسەدە”یان کرد لە بەرگریکردن لە دانیشتوانی ناوچەکەدا.
جەختیان لەوەش کردەوە، کە خوێنی دانیشتوانی ئەم هەرێمە تێکەڵ بە یەکتر بوون و ئەم یەکگرتووییەی نێوان پێکهاتەکان بوو بە لەمپەر لەبەردەم ئەو ئەجێندا دەرەکیانەدا، کە هەوڵی دروستکردنی ململانێی تایفی و تێکدانی سەقامگیری ئەو ئاسایشیان دەدا لە ئەو ناوچانەی پێ جیادەکرینەوە.