نەخۆشخانەیەکی کۆبانی ناوی قوربانیانی بۆردومانەکە بۆ نۆرس پرێس دەخاتەڕوو

کۆبانی- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ، سێشەممەی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆبانی ناوی قوربانیانی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر شارەکە و گوندەوارەکانی ئاشکرا کرد.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە، عەبدۆ محەمەد حاجی تەمەن 14 ساڵ لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها عەبدۆ دەروێش (35 ساڵ) و مەروا محەمەد حەمۆ (48 ساڵ) وعەلی ئەحمەد ئیبۆ (20 ساڵ) برینداربوون.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە، بریندار مەروە محەمەد حەمۆ، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری رەققە گوازراوەتەوە.

لە کاتژمێرەکانی بەیانی زووەوە شاری کۆبانی و دەوروبەری کەوتۆتە بەر تۆپبارانی قورسی تۆپخانەکانی تورکیا.

لای خۆیەوە بەڕێوبەری خۆسەر لە هەرێمی فورات بە هۆی بۆردومانی توركیاوە بۆ سەر شارەکە، هۆشداریانداوەکە دانیشتووانی كۆبانی لە ماڵەكانیان نەچنە دەرەوە.

لە گوندەوارەکانی كۆبانیش، گوندی قەرەمغ كە 18 كم لە رۆژهەڵاتی كۆبانیوە دوورە، بە چەندین گولە بۆردومان كراوە، ئەمە جگە لە تۆپبارانكردنی گوندەكانی بوبان سیلم و سفتك ئەشمە لە گوندەواری رۆژئاوای شارەكە.