لە منبج هەسەدە وەڵامی هەموو هێرشەکانی تورکیا و گرووپەکانی لایەنگری ئەو وڵاتە دەداتەوە

منبج – نۆرس پرێس

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، لە منبج ڕووبەڕووی هەموو هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 9 ئەندامی ئەو گرووپانەی کە لایەنگری تورکیان کوژراون و 11ی دیکەش برینداربوون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، لە دوێنێوە تا کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی پێنجشەممە، تورکیای داگیرکەر و لایەنگرانی تورکیا هێرشی بەرفراوانیان بەدرێژایی هێڵی ئەلساجور دەستپێکردووە و ماڵە مەدەنییەکان و خاڵە سەربازییەکانی هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبجیان کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرووپەکانی لایەنگری تورکیا لە هێرشەکاندا چەکی قورسیان بەکارهێناوە و زۆرینەی هێرشەکانیشیان بۆ سەر گوندی عەرەب حەسەن بووە.

راشیگەیاند، چەکدارەکانیان وەڵامی هەموو هێرشەکانیان داوەتەوە و پووچەڵیان کردوونەتەوە و زیانێکی زۆریشیان بە ریزەکانی گرووپەکانی لایەنگرانی ئەنقەرە گەیاندووه.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم نۆ ئەندامی ئەو گرووپە چەکدارانە و برینداربوونی 11ی دیکە، هەروەها بەپێی بەیاننامەکە، سوپای سوریا دەستی بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە تورکیا و گرووپەکانی لایەنگری ئەو وڵاتە هەوڵی یارمەتیدانی رێکخراوی داعش دەدەن، هەروەها هەوڵی ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوپای تورکیا دەدەن کە بەم دواییانە لە دێرەزوور دەستیان پێکردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی