حکومەتی سوریا خانوو و موڵکی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب دەروخێنێت
حەلەب – نۆرس پرێس
سەرچاوە خۆجێییەکان لە گەرەکی مەساکن فەردوس لە شاری حەلەب رایانگەیاند، دەزگای “ئیسکان عەسکەری” کە سەر بە سوپای سوریاییە، دەستیکردوە بە رووخاندنی خانوو و موڵکی بەشێک لە کەسانی نێو ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە بەهۆی شەر و بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتەوە، بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە.
سەرچاوەکانی نێو دانیشتوانی گەرەکی فەردوس بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، رۆژانە تیمەکانی سەر بە “ئیسکانی عەسەکەری” سەرقاڵی روخاندنی ئەو خانوانەنن کە بەهۆی بومەلەرزە زیانیان بەرکەوتووە، هەروها خانوی ئەو کەسانەی کە لە نێو ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەدان و لە ساڵی 2016وە شارەکەیان جێهشتووە دەروخێندرێن.
بەپێی رێککەوتنێکی رووسیا و تورکیا، لە کۆتایی ساڵی 2016، نزیکەی 35 هەزار هاوڵاتی مەدەنی و شەش هەزار چەکداری سەر بە ئۆپۆزسیۆنی نزیک لە تورکیا لە نێو شاری حەلەب بۆ گوندەواری پارێزگەی حەلەب گواستراونەتەوە، وحکومەتی سوریا لە حەلەب جێگیربوو.
کەسێکی شایەتحاڵ لە گەرەکی شەقامی سەرەکی مەساکن فەردوس وتی، ئەمرۆ تیەمەکانی ئیسکان عەسەکەری سەرقاڵی رووخاندنی باڵەخانەیەکن کە لە چوار نهۆم پێکهاتووە و لەو کاتەوەی ئۆپۆزسیۆن شارەکەیان بەجێهێشتووە، تا ئێستا کەسی تێدا نیشتەجێ نەبووە، و دوو رۆژ لەمەوبەر، تیمەکان دەستیان کرد بە رووخاندنی نهۆمەکانی سەرەوە.
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دانیشتوانی باڵەخانەکە لە یەک خێزانن و دژە حکومەتن و پێشتر لەگەڵ تیمە پزیشکییەکانی ئۆپۆزسیۆن کاریان دەکرد، بەڵام ئەوەی ئەوەی تیمەکانی سەر بە ئیسکان عەسکەری دەکەن نایاساییە و دەبێت رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستوەردان بکەن بۆ رێگریکردن لەم کارە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی سوریا لە حەلەب کرد، کە رێوشوێنی سەلامەتی باڵەخانەکان نەکاتە هۆکارێک بۆ رووخاندنی موڵکی کەسانی ئۆپۆزسیۆن.