رێککەوتنێکی قەتەری-تورکی بۆ بنیاتنانی ئۆردوگایەکی نیشتەجێکردن لە سوریا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە رێکخراوێکی قەتەری، رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت واژۆ کرد بۆ دامەزراندنی ئۆردوگایەکی نیشتەجێبوون لە باکووری سوریا.
ئەم ئۆردوگا نوێیە ناوی “شاری کەرامە”یە و دەکەوێتە ناوچەی قەباسینەوە لە گوندەواری شاری ئەلباب، کە رێککەوتنەکە بەئامدەبوونی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی خێرخوازی قەتەری، یوسف بن ئەحمەد ئەلکواری و جێگری پارێزگاری غازی عەنتاب، ئەنال ئەلکاڵ، بە ئامادەبوونی فاتیمە شاهین، سەرۆکی شارەوانی غازی عەنتاب و نوێنەرانی رێکخراوی ئافادی تورکیا و مانگی سووری تورکی، واژۆکرا.
ئەو رێکخراوە قەتەرییە رایدەگەیەنێت، پڕۆژەکەیان پشتیوانیکردنە لە ئاوەدانکردنەوەی هەردوو وڵاتی تورکیا و باکووری سوریا، دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی ناوچەکەی گرتەوە.
بەڵام رێکخراوەکە لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی دیکەی کەنداو تەنانەت پێش بوومەلەرزەکەش بەشدارییان لە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبووندا دەکرد، بەتایبەتی لە عەفرینی داگیرکراو، کە ئۆردوگایان بۆ هاوردە عەرەب و تورکمانەکان دروست دەکرد، بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، کە لە ساڵی 2018وە کەوتە ژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیا و میلیشیا دڵسۆزەکانیەوە.
مانگی شوباتی ساڵی رابردوو شاندێکی “خێرخوازی قەتەر” و “مانگی سووری قەتەری” دوای بوومەلەرزەکە چوونە ناوچەی عەفرین و لەو کاتەدا پڕۆژەی “شاری کەرامە”یان راگەیاند، کە بڕیار بوو لە عەفرین دایمەزرێنن.
ئەم شوێنە نیشتەجێبوونە لە 1680یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت بۆ بڕیارە 8500 “ئاوار” لەخۆبگرێت لە باکووری سوریا.