تورکیا 45 پەنابەری سوریی بۆ سەرێ کانیی رۆژئاوایی کوردستان دیپۆرتدەکاتەوە
حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 45 کەسیان لە دەروازەی سەرێ کانییەوە کە لە ژێر کۆنترۆلی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیک لە تورکیادایە، بۆ گوندەواری پارێزگەی حەسەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دیپۆرتکردەوە.
سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، دوێنێ 6\9\2023 دەسەڵاتدارانی تورکیا 45 هاوڵاتی سورییان لە دەروازەی سنووری سەرێ کانیی لە نێوان سوریا – تورکیا، بە زۆر دیپۆرتکردۆتەوە کە لە نێویاندا 11 ئافرەت هەن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتربووە، دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی رابردوودا بەهۆی فشارەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا کەمێک خاوبووتەوە.
هاوکات هەر رۆژی چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 520 پەنابەری سوورییان لە ریگەی دەروازەی ناوچەکانی گرێ سپی لە پارێزگەی رەققە و باب ئەلهەوا لە پارێزگەی ئیدلبەوە بۆ نێو خاکی سوریا دیپۆرتکردەوە.
لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردووەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکیان لە دژی پەنابەرە سوورییانە دەستپێکردووە، بە تایبەتی لە شاری ئەستەنبوڵ، کە بە گوتەی چالاکوانان، لە سەرەتای هەمان مانگەوە زیاتر لە شەش هەزار و 500 پەنابەر دیپۆرتکراوەنەتەوە.