سەرەڕای ناڕەزایی رووسیا.. ئەمریکا یۆرانیۆمی پیتێنراو دەدات بە ئۆکراینا
دیمەشق – نۆرس پرێس
پێنتاگۆن رایگەیاند، لە چوارچێوەی پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازیدا کە بەهاکەی دەگاتە 175 ملیۆن دۆلارە، ئەمریکا مووشەکی دژە تانکی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەداتە ئۆکرانیا.
راگەیاندنی پاکێجەکە کە رووسیای توڕە کردووە، لە میانەی سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا هات بۆ کیێڤ و دیدارەکەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا.
ئەم 175 ملیۆن دۆلارە بەشێکە لە کۆی گشتی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار هاوکاری کە بلینکن رۆژی چوارشەممە لە پایتەختی ئۆکرانیا لە میانی یەکەم رۆژی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ ئەو وڵاتە رایگەیاند.
باڵیۆزخانەی رووسیا لە واشنتۆن ئەو بڕیارەی سەرکۆنەکرد و بە “نامرۆڤانە” وەسفی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمریکا خۆی فریوو دەدات بە رەتکردنەوەی شکستی ئەو بەناو هێرشە بەرپەرچدانەوەیەی کە سوپای ئۆکرانیا دەستیپێکردووە”.
ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە پۆستێکیدا لە تێلێگرام رەخنەی لە بڕیارەکەی ئەمریکا گرت و گوتی: “ئەمە چییە؟ درۆ یان گەمژەیی؟” بانگەشەی ئەوەشی کرد، کە زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجەیان لەو شوێنانەدا بەدیکراوە کە یۆرانیۆمی پیتێنراوی تێدایە.
سێرگی ریابکۆڤستاد، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دابینکردنی چەکی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ئۆکراینا لەلایەن ئەمریکاوە “کردەوەیەکی تاوانکاریانەیە”.
ریابکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەسەر پرسە مرۆییەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام پێکەوە کارناکەن لەسەر پرسە سەرەکییەکان، بەڵام رۆژنامەی رۆیتەرز لە زاری ریابکۆڤەوە بڵاویکردەوە، “هیچ گفتوگۆیەک لەبارەوە نییە”.
ئەمە یەکەمجارە ئەمریکا چەکی تانکبڕ بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت و موشەکە ئەمریکییەکان تانکەکانی ئەبرامز پڕچەک دەکەن، کە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەمەریکا بۆیان دابین بکات.