تورکیا گوندەکانی تەل تەمری رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات
تل تەمر – نۆرس پرێس
گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیک لە تورکیا، دوای نیوەشەوی چوارشەممە لە سەر پێنجشەممە، گوندەکانی گوندەواری شارۆچکەی تەل تەمر لە باکووری پارێزگەی حەسەکەیان لە رۆژئاوایی کوردستان کردە ئامانج.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی رایگەیاند “گوندەکانی تەویلە و تەل تەویل و ئوم ئەلکیف لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە بە چەکی قورس و هاوەن بۆردومان دەکرێن”.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە بۆردومانەکە هیچ زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتەوە، زیانەکانیش زیاتر بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتوون”.
بەپێی قسەی هەمان سەرچاوە، دوو رۆژ لەمەوبەر گوندەکانی تەویلە، تەل تەویل، دەردەرە، تەل لەبن و ئوم ئەلکیف بە تۆپ وهاوەن بۆردومان کرابوون.
پێشتر هێزەکانی سوریا دیموکرات لە بەیاننامەیەک دا بڵاویکردوە، سەرەتا ئەم هەفتەیە، گوندەکانی تەویلە و تەل تەویل لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە کەوتنە بەر هێرشێکی زەمینی کە بەهۆیەوە سێ سەربازی حکومەتی دیمەشق و زیاتر لە 12 چەکداری گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن کوژران.