تورکیا بە زۆرەملێ زیاتر لە 520 پەنابەری سوریا دیپۆرتدەکاتەوە
گرێ سپی – نۆرس پرێس
دوێنی چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 520 پەنابەری سووریا لە وڵاتەکەیانەوە بەرەو ئەو ناوچانەی کە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزیانەوە کۆنترۆڵکراون، لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە، دیپۆرتکردەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت دوێنێ ئێوارە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 220 پەنابەریان لە وڵاتەکەیانەوە رادەستی پۆلیسی سەربازی کرد لە دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رەققە، لەنێویاندا 40 ژن لەگەڵ منداڵەکانیان هەبوون، کە ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەی ئەمنیدان”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە هەر دوێنێ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە 300 پەنابەری سوریایان بەرەو ناوچەکانی ئیدلب دیپۆرتکردەوە، کە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریرشام، “بەرەی نوسرەی پێشوو”دایە، لەنێویاندا 32 ژن و منداڵ هەیە.
ئاماژەیان بەوەشدا، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە دوای وەرگرتنی سەرجەم بەڵگەنامەکانیان و پەنجەمۆر کردنیان هاتووە، بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەیان بە یەکجارەکی، بەبێ ئەوەی خێزانەکانیان کە لە تورکیا نیشتەجێن لە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە ئاگاداربکەنەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە تایبەتەکان باسیان لەوە کردووە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە سوریانەی کە بە زۆر لە دەروازەکانی گرێ سپی، باب ئەلسەلامە و باب ئەلهەواوە لە باکووری سووریا دیپۆرتکراونەتەوە، 2400 کەسی تێپەڕاندووە.