بریارە ئەمرۆ چوارشەممە فرانس فوتبۆڵ لیستی بەرایی کاندیدەکانی خۆی ڕابگەیەنێت

ژوری وەرزشی-نۆرس پرێس

گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ وادەی دیاریکردنی لیستی پاڵێوراوانی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ ئەم ساڵ 2023 دیاریکرد.

بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە فرانس فوتبۆڵ لیستی بەرایی کاندیدەکانی خۆی ڕابگەیەنێت.

بەپێی هەژماری فەرمی گۆڤارە بەناوبانگەکە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، لیستی سەرەتایی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ یاریزانانی پیاوان 30 کاندید لەخۆدەگرێت، و 20 کاندید بۆ خانمان.

هەروەها 10 پاڵێوراو بۆ خەڵاتی “یاشین” بۆ باشترین گۆڵپارێز ئاشکرا دەکات، هەروەها هەمان ژمارە بۆ خەڵاتی “کوبا” بۆ باشترین یاریزانی خوار تەمەنی 21 ساڵ ڕادەگەیەنێت.

لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی، دیارترین پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی زێڕین، دوای ئەوەی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد بۆ ئەوەی مۆندیالی 2022ی قەتەر بەدەستبهێنێت، هەروەها ئێرلینگ هالاند یاریزانی نەرویجی، هێرشبەری یانەی مانچستەر سیتی، بە دیارترین ڕکابەری مێسی دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، دوای ئەوە لەگەڵ مانچستەر سیتی، بووە گۆڵکاری پریمەرلیگ و گۆڵکاری چامپیۆنزلیگی ئەوروپاش بردەوە، لەم دواییانەشدا خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا لە ساڵی 2023ی بردەوە.

مێسی 7 جار تۆپی زێڕینی بردەوە پێش کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ڕکابەری پورتوگالی کەوت کە 5 جار خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە.

مەراسیمی ڕاگەیاندنی براوەکان و دابەشکردنی خەڵاتەکان لە 30ی ئۆکتۆبەری داهاتو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.

کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی، یاریزانی یانەی ئیتیحاد جەدەی سعودی، دوایین کەسە کە تاجی تۆپی زێڕینی لەسەر ناوە.