سعودیە: هەر قوتابییەک ئامادەنەبوونی بگاتە 20 رۆژ بەخێوکارەکەی زیندانی دەکرێت

هەولێر- نۆرس پرێس

دەسەڵاتی سعودیە بڕیاریداوە هەر قوتابییەک ئامادەبوونی لە قوتابخانە لە وەرزێکی خوێندندا بگاتە 20 رۆژ، دایک و باوک و بەخێوکاری قوتابیەکە بە زیندانیکردن سزا بدات.

ئەو بڕیارەی سعودیە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێکارێکی نوێیە کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی سعودیەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئامادەنەبوونی قوتابیان راگەیەندراوە.

پێشتر وەزارەتی خوێندنی سعودیە رایگەیاندبوو، لە رێکارێکی نوێدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قوتابییانەی کە زۆر نائامادە (غیاب) دەبن لە پۆلدا، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەخێوکارەکەیدا دەکرێت، رەوانەی دادگا دەکرێت و بەپێی مادەی 23ی یاسای سزاکانی ئەو وڵاتە کە تایبەتە بە پاراستنی منداڵان، دادگایی دەکرێت.

دادگەی سعودیە، دابڕانی منداڵانی لە خوێندن، خستووەتە ریزی پشتگوێخستن و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان و بە یاسای پاراستنی منداڵان مامەڵە لەگەڵ بەخێوکار دەکات. هەروەها داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە، جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی دایک و باوکان دەکاتەوە لە دروستکردنی دەرفەتی گونجاو بۆ خوێندنی منداڵەکانیان و یارمەتیدانیان بۆ فێربوون.

هەندێک لە قوتابخانەکانی سعودیە بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوونی قوتابییان لە سەری ساڵی خوێندن سیستمی پەنجەمۆریان چالاککردووە و وەزارەتی خوێندنی سعودیە بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێریکردنی ئامادەبوون و رۆیشتنی قوتابی و مامۆستایان جێبەجێ دەکات.

بەگوێرەی میدیای سعودیە، لەو وڵاتە زیاتر لە شەش ملیۆن قوتابی و خوێندکار هەن، کە یەک ملیۆن و 360 هەزاریان لە زانکۆ و پەیمانگە و دەزگە ئیسلامی و ئەکادیمییە جیاوازەکانن.