واشنتۆن هەڕەشە دەکات: کۆریای باکوور “باجی” ئەم کردەوەیەی دەدات

هەولێر – نۆرس پرێس

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دانوستانەکانی چەکداری لە نێوان رووسیا و کۆریای باکوور بە باشی بەرەوپێش دەچن و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور باجی دابینکردنی چەک بە رووسیا دەدات بۆ بەکارهێنانی لەدژی ئۆکرانیا.

جەیک سولیڤان لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، دابینکردنی چەک بۆ رووسیا “دەرئەنجامێکی باشی نابێت بۆ کۆریای باکوور، ئەوانیش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا باجی ئەوە دەدەن “.

لێدوانەکانی پێشووی کاربەدەستانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردبوو کە کیم بە نیازە لەم مانگەدا بچێتە رووسیا و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک رووسیا کۆببێتەوە و تاوتوێی دابینکردنی چەک بۆ مۆسکۆ بکات.

هاوکات رۆژی دووشەممە، ئادرین واتسۆن، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رایگەیاند، رەنگە کیم و پوتین بەنیازی کۆبوونەوە بن و رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا ، رایانگەیاندووە کە کیم بەنیازە بەم زووانە گەشت بۆ رووسیا بکات.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری کۆریای باکوور لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 رایگەیاندبوو، پیۆنگ یانگ “هەرگیز رێککەوتنی چەکداری لەگەڵ رووسیا ئەنجام نەداوە” و “بەنیازی ئەوە نییە لە داهاتوودا ئەو رێککەوتنە بکات”.