راوێژکارێکی سیاسی پەرلەمانی کوردستان: ئێستا کەرکووک وەک سەربازگەیەکی لێهاتووە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەحمود خۆشناو، راوێژکاری سیاسی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە هێشتا مەترسی لەسەر دۆخی کەرکووک ماوە و ئەو شارە وەک سەربازگەیەکی لێهاتووە، گوتیشی “تەنها چارەسەر بۆ کەرکووک، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە”.

مەحمود خۆشناو دەربارەی بارودۆخی کەرکووک بە نۆرس پرێسی راگەیاند: “بارودۆخی کەرکووک هەستیارە، دەمێکە باسمان لەوە کردووە کە دەبێ ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ بکرێت و قۆناغەکانی بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شارەکەدا بڕوات”.

خۆشناو رایگەیاند، کە لە بودجەی عێراق بڕەپارەیەک تەرخانکرا بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییە، بەڵام حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کەمتەرخەم بوون لە کۆتاییهێنان بەو گرژییە مێژووییانە و سیاسەتەکانی تەعریب و تەبعیس، بۆیە ئەم دۆخە پەرەی سەند و گرژی لێکەوتەوە.

دەربارەی ئەو گرژییانەی دواینجار روویدا لە کەرکووک، راوێژکارەکە دەڵێ ئەوە “چاوەڕوانکراو” بوو، دەشڵێ: ئێمە دوامان لە حکومەتی فیدڕاڵی کرد کە رێگربن لەبەردەم کەوتنەوەی ئاژاوەدا.

دەربارەی دۆخی ئێستای کەرکووکیش رایگەیاند: “ئێستا بارودۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا مەترسی لەسەر دۆخی کەرکووک ماوە تەنها چارەسەر ئەوەیە کە حکومەتی عێراقی هەوڵی راستەقینە بدات بۆ جیبەجێکردنی ماددەی 140 بۆ رێگرتن لەبەردەم هەرجۆرە بەکارهێنانێکی ویست و خواستی سیاسی”.

خۆشناو گوتیشی: “ئێستا کەرکووک وەک سەربازگەیەکی لێهاتووە، بە هۆی ئەو تەنگەژیەوە سەدەها چەکدار لە شارەکەدا ماون”.

راشیگەیاند: “پێمانوایە ئەم بارودۆخە دەبێت تێپەڕینرێت، دەبێت حکومەتی عێراق گوێ لە لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک بگرێت، دەبێت لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندی گشتی واز لە هەندێک بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بهێنن”

رۆژی شەممە، 2ی ئەیلوول، بەشێک لە هاوڵاتیانی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و دواتر گرژی دروستبوو و لە ئەنجامدا 4 هاونیشتمانی بە گولـلە شەهید بوون و 16ی دیکەش برینداربوون.

خۆپێشاندانەکە لە بەرامبەر رێگەگرتنی رێگەی هەولێر- کەرکووک بوو کە چەند رۆژێک بوو لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانەوە گیرابوو.