هەسەدە: بەرەی نوسرە لە نزیکی مەنبج جێگیربووە

مەنبج – نۆرس پرێس

ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج، بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە رایگەیاند، هەبوونی “بەکرێگیراوانی” بەرەی نوسرەیان لە  گوندەواری مەنبج لە باکووری سووریا کردووە.

ئەنجوومەنەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، بەرەی نوسرە کە ناوی لە نێو لیستی گروپە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، لە گوندەکانی یاشەلی و شێخ ناسر لە باکووری رۆژئاوای مەنبج کە 19 کیلۆمەتر لە ناوەندی مەنبج دوورن، جێگیربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج، سەرجەم ئەو هێرشانەیان پووچەڵکردەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن گرۆپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیک لە تورکیا دەستیپێکردبوو، ئێستا “بەرەی نوسرە” چەکی قورسی لەو گوندانە داناوە.

لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی رابردووەوە، لەگەڵ پێکدادانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دژی چەکدارانی دێرەزوور، گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرشیان کردە سەر گوەندەواری مەنبج، بەڵام سەرجەم هێرشەکانیان تێکشێندران.

ئەنجومەنی سەربازی مەنبج دەلێت، لەو هێرشاندا 74 چەکداری گروپەکان کوژران و برینداربوون.

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیە ئەلحەدەسی راگەیاند، تورکیا هاوکات لەگەڵ گرژییەکانی دێرەزوور هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانمان لە عەین عیسا و تل تەمر مەنبج چرتر کردووەتەوە.

شەممەی رابردوو، سەرچاوەیەکی سەربازی ئۆپۆزسیۆن بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە بەرەی نوسرە 75 چەکداری خۆی لە لیوای ” عەسایبی سوورەکان” لە ئیدلبەوە بەرو میحوەرەکانی مەنبج ناردوە بە  بیانووی پشتیوانی لە بزووتنەوەی چەکداری لە گوندەواری دێرەزوور رەوانەی مەنبج کردووە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، چەندین سەرچاوە بۆ نۆرس پرێسیان پشتراستکردوە، کە هەژمارێک لە چەکدارانی بەرەی نوسرە کە لە لیستی تیرۆری جیهانیدایە، بۆ یەکەمجار لە بەرەی یاشەلی و حەمران، لە باکووری رۆژئاوای مەنبەج لە رۆژهەڵات گوندەواری شاری حەلەب جێگیرکراون.

یه کێک له سەرچاوەکان له وکاتەدا رایگەیاندبوو که بوونی چەکدارانی بەرەی نوسرە لە هەردوو بەرەی یاشەلی و حەمران به هاوکاری گرۆپی ئەحرار ئەلشام، که رێگه به چەکدارانی نوسرە دەدات، جلوبەرگی سەربازی چەکدارانی ئەحرار ئەڵشام لە بەربکەن بۆ ئەوەی هەبوونیان لە رۆژهەلاتی و باکوری حەلەب (لە مەنبج و عەفرین) ئاشکرا نەبێت.

ساڵی رابردوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات باسیان لە پلانێکی تورکیا کرد، کە ئامانجی دامەزراندنی ” پشتێنەی رەش” بوو، ئەوەش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی چەکدارنی بەرەی نوسرە لە نێوان هێزەکانی سوریا دیموکرات و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بە ئامانجی بەشداریکردنیان لە هەر هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ناوچەکانی هەسەدە دا لە باکووری سوریا.

“هەسەدە” ئەو کاتە وتی،300 چەکدری بەرەی نوسرە بوونیان لە عەفرین و میحوەرکانی مەنبج و رۆژئاوایی کۆبانی هەیە.