پنتاگۆن: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری
قامشلۆ – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەردەوامبوون لە شکستپێهێنانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” و گەرەنتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
ئەوەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هات، دوێنێ سێشەممە، لەلایەن جەنەراڵ “پات رایدەر”وە، سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن، کاتێک وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە دۆخی رۆژهەڵاتی سوریای دایەوە.
رایدەر ئاماژەی بەوەشکرد، بەرگری ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، “هێزی ئەرکی هاوبەش – ئۆپەراسیۆنی توانای پۆڵاین” هێشتا سەرنجی لەسەر کارکردنە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دڵنیابوون لە شکستی “داعش” و گەرەنتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
گوتەبێژە ئەمەریکییەکە هۆشداریدا لەوەی دوورخستنەوەی سەرنج لە “شەڕی داعش” دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و مەترسی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوەکە زیاد دەکات.
رایدەر داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە سەرنجیان لەسەر ئەو ئەرکە بێت و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە “بە بێ ئەو کارە، تاکە براوە لێرە، جارێکی دیکە، داعش دەبێت”.
لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێرێکدا سەبارەت بە تۆمەتەکان دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە وەڵامی دایەوە و گوتی: “ئێمە ئەو رۆڵە گرینگە دەبینین، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بینیویانە و بەردەوامیشین، کاتێک باس لە ئەرکەکە دەکرێت لە تێکشکاندنی داعشدا”.
گوتیشی: ” ئەوە بەسە کە هەوڵەکانیان ببینین، پەیوەست بە وەستاندنی مەترسییەکانی کامپی هۆل و دەستگیرکراوەکانی ئەوێ، کەواتە دیسانەوە ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هەسەدە و هاوبەشە ناوچەییەکانی دیکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەرکی شکستپێهێنانی داعشدا”.