هەولێر – نۆرس پرێس
حکومەتی بەریتانیا، دەیەوێت ناوی گروپی ڤاگنەری رووسیا بخاتە لیستی تیرۆرەوە و بانگەشەکردن بۆ ئەو گروپەش لە وڵاتەکەیدا قەدەغەبکات.
سوێلا براڤیرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا راگەیاند، گروپی ڤاگنەر توندوتیژو تێکدەرن، هەروەها کاڵایەکی سەربازیی، دەستى ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیان.
بەگوێرەی هەواڵى میدیاى بەریتانیا، پرۆژەیاساکە رێگەدەدات سەرجەم موڵکەکانی گروپی ڤاگنەر دەستی بەسەردابگیرێت، هەروەها هاندان و بانگەشەکردن بۆ ئەو گروپە لە بەریتانیا دەبێتە ئەنجامدانی تاوان.
لەساڵی 2020 بەریتانیا سزای بەسەر یڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەردا سەپاند و لە ساڵی 2022 جارێکی دیکە، سزای بەسەر گروپەکەدا سەپاندەوە.
گروپى ڤاگنەر لەساڵى 2014 دامەزراوە و لە 23ی ئابی ئەمساڵیش، پریگۆژین، سەرۆکی گروپەکە، لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا گیانیلەدەستدا، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هۆکاری ئەو رووداوە ئاشکرانەکراوە.