بۆردوومانی تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەوان لە ناوچەکانی مەنبیج بەردەوامە

مەنبیج – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەربەوان، بە هاوەن و تۆپ بۆردومانی شارۆچکەی ئەلعەریمەیان کرد لە گوندەواری رۆژئاوای مەنبیج لە باکووری سوریا.

لە کاتێکی پێشتری هەمان رۆژدا، هێزەکانی تورکیا و گروپە دڵسۆزەکانیان بە هاوەن گوندی “کاوکەلی”یان بۆردوومان کرد، کە دەکەوێتە گوندەواری رۆژئاوای مەنبیجەوە لە باکووری سوریا.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە شارۆچکەی ئەلعەریمە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هێزەکانی تورکیا و گروپە دڵسۆزەکانیان لە کاتژمێرەکانی ئێوارەی دوێنێدا، لە بنکەکانیانەوە کە لە دیوی باکووری شارۆچکەکە جێگیر کراوە، بە هاوەن شارۆچکەکەیان کردە ئامانج و زیانێکی زۆریان بە ماڵەکانی دانیشتوانی شارۆچکەکە گەیاند.

ئاماژەیان بەوەشکرد، بۆردومانەکە دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی شارۆچکەکە دروستکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی شارۆچکەکە.

هێزەکانی تورکیا و گروپە دڵسۆزەکانیان لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی پێسووەوە، هێرشی پچڕ پچڕیان بۆ سەر گوندەواری باکووری مەنبیج دەست پێکردووە، ئەمە جگە لە تۆپبارانکردنی گوندە سنوورییەکان بە تۆپ و هاوەن لە بنکەکانیانەوە کە لە نزیک ئەو گوندانە جێگیرکراون.

ئامادەکردنی: فادی ئەلحسێن – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی