تاوەکو 2024 داواکاری پەنابەری لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەگاتە یەک ملیۆن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئاژانسى پەنابەرانى یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ژمارەی داواکارییەکان بۆ بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی لەوڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، بە رێژەی لە سەدا 28 زیادیکردووە.

ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە نێوان کانوونی دووەمی ئەمساڵ، تا مانگی حوزەیران، 519 هەزار داواکاریی پەنابەرێتی لە 27 نەتەوەوە پێشکەشکراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە ئاماژەدراوە بەوەی، ئەگەر ژمارەکان بەمجۆرە بەردەوامبن، تاکۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن داواکاریی پەنابەرێتی پێشکەش بە یەکێتییەکە دەکرێت و دەبێتە بەرزترین ئامار، لەدوای ساڵانی 2015 بۆ 2016 -ەوە تۆمارکرابێت.

لەراپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، پەنابەرانی سوریا و ئەفغانستان لەسەدا 25ی داواکارییەکانی ئەمساڵی یەکێتی ئەوروپا بۆ مافى پەنابەرێتى پێکدەهێنن و بەدواشیاندا هەریەک لە وڵاتانی ڤەنزوێللا، تورکیا، کۆڵۆمبیا، بەنگلادش و پاکستان دێت.

لە ساڵی 2015، یەکێتی ئەوروپا ملیۆنێک و 350 هەزار داواکاریی مافى پەنابەرێتی پێگەیشت و لە ساڵی 2016دا، ژمارەکە دابەزیی بۆ ملیۆنێک و 250 هەزار داواکاریی، بەڵام لە ساڵی 2017-ەوە داواکارییەکان بەهۆی رێککەوتنی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا بۆ توندکردنەوەی سنوورەکانیان کەمیکردووە.